یەکێتی ئەوروپا فەندی یەک ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات
Aug. 4, 2020, 2:53 a.m.

بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و ژمارەیەک زانکۆی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی دڵنیایی جۆری و حوکمڕانی لە پرۆسەی بۆلۆنیا، یەکێتی ئەوروپا فەندی یەک ملیۆن یۆرۆ دەداتە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

فەندەکە لە ڕێگەی بەرنامەی ئیراسمۆس پڵەس CBHE,KA2 پرۆژەی دیاریکردن (APPRAISAL) دەبێت، کە بریتییە لە ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و هەشت زانکۆی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ لە بوارەکانی دڵنیایی جۆری و حوکمڕانی لە پرۆسەی بۆڵۆنیا.

سەنتەری ئیڕاسمۆس پڵەس لە زانکۆی دهۆک دەستپێشخەری پڕۆژەکەی کردوەو دواتریش لە ساڵی پار بەرزکراوەتەوە بۆ دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەت. بۆ ئەمەش هەریەک لە دەزگای سەرپەرشتی ودڵنیایی جۆری و زانکۆی دهۆک و سەنتەری ئیراسمۆس پڵەس و یونیمێدی ئیتاڵی لەنزیکەوە کاریان کرد لەسەر پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵێکی سەرکەوتو بۆ پرۆژەکە.

سەرەنجام ڕەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردنی (فەندەکە) بۆ پرۆپۆزەڵی دیاریکردن (APPRAISAL ) کە بودجەکەی لەلایەن یەکێتی ئەوروپا تەرخانکراوە، هەروەها یونیمێدی ئیتاڵی لایەنی سەرەکی و هەماهەنگی پڕۆژەکەیە لە ئەوروپا.

لەو چوارچێوەیەشدا د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە لایەنە بەشدارەکانی ئەم پرۆژەیە کرد، بەتایبەت دەستپێشخەری زانکۆی دهۆک لەگەڵ دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری بۆ سەرکەوتنی پرۆژەکە و وەرگرتنی فەندی یەکێتی ئەوروپا بۆ سود و بەرژەوەندی فەرمانبەران و بەرزکردنەوەی توانا مرۆییەکانی نێو وەزارەت و زانکۆکانی کوردستان.

د. ئارام محمد قادر جەختیشی کردەوە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەردەوام دەبێت بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی دابینکردنی فەند لە بواری جیا جیا بۆ دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا لە بوارەکانی توێژینەوەو مەشق و ڕاهێنان و جێبەجێکردنی بەرنامە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆکانی کوردستان.

جێگەی ئاماژەیە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لەو١٦٤فەندەی بۆ دەرچوە کە بۆ وڵاتانی جیهان تەرخانکراوە، لە ئێستاشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا چاوەڕوانی دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە دەکات لە (٢٠٢٠/١٠/١٥)، زانکۆ بەشدارەکان لەم پرۆژەیە بریتین لە زانکۆکانی، (دهۆک، زاخۆ، پۆلیتەکنیکی دهۆک، سەڵاحەددین، سلێمانی، هەڵەبجه، چەرمو، گەرمیان).

https://mhe-krg.org/ku/node/4175