جفاتا وه‌زاره‌تا خاندنا بلند پلان و پرۆژه‌ پێشنیارێن سالا نوی یا خاندنێ گه‌نگه‌شه‌كرن
Aug. 30, 2020, 12:25 a.m.

[ Sunday, August 30, 2020 12:02 AM ] M. Bewar Ilam Zanko: ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا پلان و پڕۆژەی پێشنیازی ساڵی نوێی خوێندنی تاوتوێکرد
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەت
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕەچاوکردنی بارودۆخی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و سەلامەتی گیانی خوێندکاران و قوتابیان، بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) پلان و بەرنامەی تازەی بەئاراستەی بەرەوپێشبردنی ڕەوتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و، بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی خوێندکاران و، کواڵێتی خوێندنی داڕشتوە، بۆ ئەمەش پلان و پڕۆژەی پێشنیازی ساڵی نوێی خوێندنی تاوتوێکرد و بۆ گفتوگۆ و پەسندكردنی بەرزی دەكاتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی (٢٩/٨/٢٠٢٠) ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزارەت و ئامادەبونی بریکاری وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکان کۆبونەوەی ژمارە (٩) ی ئاسایی خۆی بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامدا.
لەکۆبونەوەکەدا کە نوێنەرانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئامادەیبون، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بە دواین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا کرد و تیشکی خستەر سەر پڕۆژەی وەزارەت بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن.
د. ئارام محمد قادر ڕاشیگەیاند: بەڕەچاوکردنی بارودۆخی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و سەلامەتی گیانی خوێندکاران و قوتابیان، بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) پلان و بەرنامەی تازەمان بەئاراستەی بەرەوپێشبردنی ڕەوتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و، بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی خوێندکاران و، کواڵێتی خوێندن داڕشتوە، بۆ ئەمەش ئاماژەی بە پلان و پڕۆژەی پێشنیازی ساڵی نوێی خوێندن کرد.
بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لە کۆبونەوەکەدا چەندین پێشنیاز بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزکرایەوە بەمەبەستی پەسەندکردنیان، كە بریتین لە:-
· خوێندنی ساڵی نوێی ئەکادیمی لە (١/٩) دەستپێدەکات و پێویستە ساڵی ئەکادیمی لە (٣٠/٦) کۆتای پێ بێت.
· لە نێوان (٢٠/٩) تاکو (٤/١٠) پرۆسەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی لە هەرێمی کوردستان دەستپیدەکات، بەشێوەیەک زانکۆکان سەرپشکن و دەسەڵاتیان پێدەدرێت لە نێوان ئەم دو ڕێكەوتە رۆژێک بۆ دەستپێکردنی خوێندنی ساڵی (٢٠٢٠-٢٠٢١) دەستنیشان بکەن.
· سیستمی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) بریتیە لە خوێندنی ئاوێتە واتە (blended learning).
· خوێندنی وانە پراکتیکیەکان و تاقیکردنەوەی کۆرسەکان و کۆتای ساڵ و تەگبیقاتی ناو نەخۆشخانە و تاقیگەکان و وانە تیۆریە سەرەکییەکان لە ناو کامپەس دەخوێنرێت، بەو واتایەی زۆربەی خوێندنی ساڵی نوێ لە ناو کەمپەس دەبێت.
· ماوەی نێوان (٩/١) تاکو (١٠/٤) ئەو ماوەیە بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان بەکاردەهێنرێت و یاخود ڕێکخستنەوەی ساڵنامەی زانکۆ و قەرەبوکردنەوەی وانە فەوتاوەکان.
· هیچ کۆرسێکی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نابێت لە (١٥) هەفتە کەمتر بێت.
· بەهۆی بارودۆخی تەندروستی و بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا، تەنها بۆ ئەمساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) لەنێوان زانکۆکانی هەرێم سیستمی میوانداری دەکرێتەوە ئەویش لەنێوان بەش و سیستمی هاوشێوەدا دەبێت.
· بۆ خوێندنی ئاوێتە، هەر زانکۆیەک ئەو پلاتفۆرمە ستانداردانەی خوێندن بەکاردەهێنێت کە یونسکۆ ڕاسپاردەی دەکات.
· لە (٢٠٢٠/١٠/١١) پرۆسەی خوێندنی خوێندنی باڵا/ ماستەرو دکتۆرا دەستپێدەکات.
کۆی ئەم پێشنیازانە و چەندین پێشنیازی دیکەی پەیوەست بە پرۆسەی ساڵی نوێی خوێندن تاوتوێکران و دەخرێـتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی تاوتوێکردن و پەسەندکردنیان.
هەر لە کۆبونەوەکەدا و لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە نوێنەرانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئامادەیبون، هەریەک لە م. ئەحمەد گەرمیانی و د. نادر مستەفا نانەکەلی لە وتەیەی جیا جیادا ئاماژەیان بە پڕۆژە و بەرنامەکانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کرد بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، بۆ ئەمەش پشتگیری یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیان بۆ پڕۆژەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خستەڕو.