وەزارەتى خوێندنى باڵا ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی ڕاگەیندرا
Jan. 6, 2016, 8:45 p.m.

                                MHE: src link

لە پێناو ڕاهێنان و ئامادەکردن و پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆکانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى (ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی) لە هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند.

لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (٢٩/١٢/٢٠١٥) لە دیوانى وەزارەت بۆ ستافى ئامادەکارى نوسینەوەى پڕۆژەى ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی ڕێکخرابوو، لەسەرەتادا د.ئامانج سەعید عەبدوڵلا ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامانجى دامەزراندنى ئینستیتیوتەکەى ڕونکردەوەو ڕایگەیاند: ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی دەزگایەتی ئەکادیمی پسپۆڕە  و  هەوڵ دەدات پرۆگرامی تایبەت بە گەشەپێدانی تواناکانی سەرکردە ئەکادیمی و کارگێڕییەکانی زانکۆکانی کوردستان و ئەو بەهرەمەندانەی کە لە ئایندەدا دەبنە سەرکردەی ئەکادیمی دادەنێت.

سەبارەت بەدید و ئامانجەکانی ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونکردنەوەى زیاترى داو وتى: ئەم ئینستیتیوتە وێستگەیەکی گرنگی ژیانی پرۆفێشناڵی ئەو مامۆستایانە دەبێت کە لە بواری ئەکادیمیدا کاردەکەن، ڕونیشیکردەوە کە پڕۆگرامەکانی تایبەت دەبن بە پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی تواناو کارامەییان لە بوارەکانی بەشداریکردن لە پرۆسەی خوێندن و فێرکردن و توێژینەوەی زانستی لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی پرۆفێشناڵیزم و بەهاکانی ژیانی ئەکادیمی. هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەو ئینستیتیۆتە هەوڵی پەرەپێدان و بەهێزکردنی تواناکانی سەرکردە ئەکادیمی و کارگێڕییەکانی زانکۆکانی کوردستان دەدات، لەهەمان کاتدا ئەومامۆستایانە دەستنیشان دەکات کە پۆتێنشیاڵی سەرکردەی ئەکادیمی ئایندەیان تێدا بەدیدەکرێت.

سەبارەت بە بەشە زانستییەکانی ئینستیتیوتەکە د.ئامانج سەعید ڕایگەیاند: ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی لە پێنج بەشی سەرەکی پێک دێت کە بریتین لە:

١. بەشی پەرەپێدانی توانستی زمانی ئینگلیزی : بەشداربووانی ئەم کۆرسە پێویستە لە ساڵی یەکەمی خوێندنیان لەم ئینستیتیوتە ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی بگەیەننە ئاستی پێشکەوتوو. لەهەمان کاتدا کاندیدەکان لەسە زمان و نووسینی ئەکادیمی ڕادەهێنرێن.

٢. بەشی پەرەپێدانی تواناکانی وانەوتنەوە و توێژینەوە: کۆرسەکانی ئەم بەشە جێگەی خولەکانی وانەوتنەوە دەگرنەوە، مەبەست لەم کۆرسانە بریتییە لە پەرەپێدانی توانای مامۆستایانی زانکۆ و ڕاهێنانیان لەسەر ئەو زنیاریاری وکارامەیی و پاڵنەرانەی کە پرۆسەی خوێندن و فێرکردنی نوێ دەیانخوازێت لەسەر بنەمای بەهاکانی پیشەی مامۆستایی زانکۆ و ئیتیکی کاری ئەکادیمی و بڕوابەخۆبوون لە بەشداریکردن لە باشکردنی پرۆسەی خوێندن و فێرکردن.

٣. بەشی پەرەپێدانی توانای سەرکردایەتی ئەکادیمی: لەم بەشەدا تواناو کارامەیی بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەکادیمی کاریگەر پەرەی پێدەدرێت،  وتیشیى ئەو پرسە گرنگانەی کە لەم کۆرسەدا ئەدرێس لەسەر دەکرێت بریتی دەبن لە ( چۆن سەرکردەی ئەکادیمی وێنا دەکرێت؟،  گرنگترین خەسڵەتەکانی سەرکردەی ئەکادیمی چین؟، شێوازەکانی پرۆسەی بڕیاردان و مامەڵەکردن لەگەڵ ستاف و کارمەندانی نێو دەزگا ئەکادیمییەکان،  چۆن سەرکردەی ئەکادیمی هێز و توانای سەرکردایەتی کردن و بڕیاردان بەدەست دەهێنێت و پراکتیزەی دەکات. پەیوەندیی نێوان سەرکردەی ئەکادیمی و هاوکارەکانی چۆنە. چۆن سەرکردەی ئەکادیمی روئیا و دونیابینییەکانی بۆ گەشەپیدانی دامەزراوەکەی بەکار دەهێنێت. چۆن سەرکردەی ئەکادیمی مامەڵە لەگەڵ جیاوازییەکان دەکات.

٤. بەشی پەرەپێدانی توانای بەڕێوەبردن و کارگێڕی دامەزراوە ئەکادیمییەکان : لەم بەشەدا ئەو کۆرسانە دەوترێنەوە کە دەبنە مایەی پەرەپێدانی توانا کانی بەرێوەبردن و کارگێڕی مامۆستایان و ستافی دامەزراوە ئەکادیمییەکان.

٥. بەشی بەهاکان: لەم بەشەدا ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردستان و نیشتیمانپارێزی و دیموکراسی و بنەمەکانی پێکەوژیان و کەلتوری ڕەخنەیی و دیبەیتی زانستی و فیکری و هەروەها ڕێزگرتن لە بنەماکانی فرە فەرهەنگی و ئاینی، لەسەر سیستەمێکی مودێرن، بۆ بەژداربووان ئامادەدەکرێت. گرنگی ئەم بەشە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە بەژداربووان ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی گیانی لێبوردەدیی و بیروباوەڕی دوور لە تووند و تیژی بڵاو بکەنەوە. جگە لەوەی جەخت لەسەر بەها جوانەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەکرێتەوە، لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدرێت فەرهەنگی مۆدێرینزم و جیهنانبینی بۆ بەژداربووان بە باشترین شێوە ئامادە بکرێت. بە گشتی، بابەتەکانی ئەم بەشە لەم چەند تەوەرەی خوارەوەدا دەبیندرێن:

د. ئامانج سەعید ئەوەشى ڕاگەیاند: کە جگە لەو کۆرسانەی سەرەوەر ، ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی لە کاتی پێویستدا کۆرسی دیکەی تایبەت بە بواری ئەکادیمی و سێکتەرەکانت دیکەی حکومەت ڕێکدەخات.

سەبارەت بە ستافی بەڕێوەبردنی ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی د.ئامانج سەعید ڕاگەیاند: ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی لەلایەن کۆمەڵێک ئەکادیمی و توێژەری کارا و دیاری هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبرێت، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا کاریگەر و بەرجەستەبن، لەهەمان کاتدا ژمارەیەک مامۆستا و توێژەری ئەکادیمی نێودەوڵەتی لەڕێگەی گرێبەست و شێوازی پارت تایم بۆ ئەم کارە دابمەرێنرێن. سەبارەت بەشێوازى دامەزراندنیشیان د.ئامانج سەعید ڕایگەیاند: سەرجەم ستافی بەڕێوەبردن و وانەبێژانی ئەم ئینستیتیوتە لەڕێگەی بانگەواز و پێشکەشکردنی سی ڤی (CV) و چاوپێکەوتنەوە دەستنیشان دەکرێن، بەڕەچاوکردنی توانا و لێهاتوویی پێشکەشکاران و ڕێزگرتن لە بنەماکی ڕەخساندنی هەلی یەکسان و شەفافیەت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند بەشداربووانی کۆرسەکانی ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی بریتى دەبن لە هەموو هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کە تازە دادەمەزرێن دەبێت بە کۆرسەکانی ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمییدا تێپەڕ ببن، وەک بەشێک لە پێداویستییەکانی پێدانی نازناوی زانستی مامۆستای یاریدەدەر (ماوەی کۆرسەکان یەک بۆ دووساڵ دەبێت). لەهەمان کاتدا ئەو سەرکردە ئەکادیمی و بەڕێوەبەرانەی کە لە دەزگاو دامەزراوەکانى خوێندنی باڵادا پۆستی دیاریکراویان هەیە، بەپێی پێوست دەتوانن کۆرسەکانی تایبەت بە  بەشی پەرەپێدانی توانستی زمان، پەرەپێدانی توانای سەرکردایەتی ئەکادیمی، پەرەپێدانی توانای بەڕێوەبردن و کارگێڕی وەربگرن.

سەبارەت بە پێکهاتەکەشى د.ئامانج سەعید وتى: پێکهاتەی کارگیڕی ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی پێک دێت لە بۆردی ئەمینداران، سەرۆکی ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی، جێگرانی سەرۆکی ئینستیتیوت ، ئەنجومەنی ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی

ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕونکردەوە کە بەشداربوان لە کۆرسەکانی ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی بەپێی ئەو (یەکانەی) کە لە کاتی بەشداریکردندا وەریدەگرن بڕوانامەی دبلۆمی (کاری ئەکادیمیان) پێدەبەخشرێت و هەموو ماف و جیاوکەکانی بڕوانامەکە وەردەگرن، لە کۆتایشدا ئەوەى ڕاگەیاند: کە ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی ئۆفیسی سەرەکی لە شاری هەولێر دەبێت و، دوو لقی  دیکەی ئەم ئینستیتیوتە  لە هەردوو شاری سلێمانی و دهۆک دادەمەرێنرێت و، لەسەرەتایى ساڵى داهاتوەو دەست بەکارەکانى خۆى دەکات.